شه‌ممه‌, 19 مایۆ 2012
   
Text Size

گەڕان

سبه‌ی 21ی فێڤریه‌ رۆژی جیهانی زمانی دایکه‌

zimani.dayk21febسبه‌ینێ ڕۆژی ٢١ی فێڤریه‌ ڕۆژی زمانی دایکه‌‌. زمانی دایك یان زمانی یه‌كه‌م، یه‌كه‌م زمانێكه‌ كه‌ مرۆڤ فێری ده‌بێ. مێژووی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ساڵی ١٩٥٢ که‌، پاش سه‌ربه‌خۆیی هێندوستان له ‌ساڵی ١٩٤٦ و له‌ دوای جیابوونه‌وه‌ی پاکستان له‌ هێندوستان، هێشتا وڵاتی به‌نگلادش به‌‌پاکستانه‌وه ‌لکێندرابوو. له‌و سه‌رده‌مه ‌دا زمانی فه‌رمی پاکستان له‌هه‌ر دوو به‌شی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات دا زمانی ئۆردوو بوو و به‌شی ڕۆژهه‌ڵات که‌ به‌نگالی بوو ناچار بوون زمان ئوردوو له‌په‌روه‌رده ‌و بارهێنان دا به‌کار ببه‌ن. له ‌ساڵی ١٩٥٢ گرووپێک خوێندکاری زانکۆی به‌نگلادشی که‌مپه‌ینێکیان بۆ زمانی به‌نگالی وه‌ڕێخست که ‌ئه‌و زمانه ‌له ‌هه‌رێمه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات پاکستان دا به‌کار بهێندرێ. به‌ڵام حکوومه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پاکستان، داواکاری خوێندکارانی ڕەدکردبۆوە.  خوێندکارانی به‌نگالیش کۆڵیان نه‌دا و بانگه‌وازی مانگرتنێکی گشتیان کرد و پێداگریان له‌سه‌ر ‌داوا ڕه‌واکانی خۆیان کرد. سه‌ر له ‌به‌یانی ڕۆژی ٢١ی مانگی فێڤریه‌ ساڵی 1952 پۆلیسی پاکستان به‌فه‌رمانی ده‌وڵه‌ت ته‌قه‌ی له‌ خوێندکارانی زانکۆ کرد و له‌ ئه‌نجامدا چه‌ند خوێندکارێک گیانیان له‌ده‌ست دا. به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ له ‌ساڵی ١٩٩٩ه‌وه‌ 21 فێڤرییە بەرامبەر بە دووی ئیسفەند،‌ وه‌ک ڕۆژی زمانی دایک له‌لایه‌ن یونسکۆ- ڕێکخراوی کو‌لتوری و بارهێنانی نه‌ته‌وه ‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ دەستنیشان کراوە. به‌پێی ڕێکخراوی یونسکۆ ‌له ‌جیهان دا  ٦٠٠٠ - ٧٠٠٠ زمان قسه‌یان پێده‌کرێ. به‌ڵام هه‌ر ئێستا زیاتر له ‌نیوه‌ی ئه‌و زمانانه ‌‌له‌ مه‌ترسی له‌ نێوچووندان و هەندێکیشیان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرش دەکرێنەوە و قەدەغەیان لەسەرە. زمانی کوردی یەکێک لەو زمانانەیە.ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی به ‌تایبه‌تی بۆ کوردان که ‌زمانی کوردی له ‌وڵاتانی وه‌ک تورکیا، ئێران و سوریا قه‌ده‌غه‌یه، ‌ڕۆژێکی گرینگه. هه‌ر بۆیه‌ کوردان به‌ڕێز و حورمه‌ته‌وه ‌له‌م ڕۆژه‌ ده‌ڕوانن و به‌شێکی گرینگه‌ له‌ تێکۆشانی کوردان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ره‌واکانی.